Kurdistan Regional Government
Representative in Australia
Krg Australia Logo
حکومەتی هەرێمی کوردستان
نوێنەرایەتی ئوسترالیا
دەستپێک ›هەواڵەکان

هەواڵەکان

گشت هەواڵەکان

govkrd-5118-1790759345
سەرۆکی حکومەت: ئامانجمان ئەوەیە بە هاوکاری کەرتی تایبەت دەرفەتی کار بۆ گەنجەکانمان بڕەخسێنین و گرنگی زیاتر بە کەرتی پیشەسازی بدەین
govkrd-5122-1790764745
سەرۆکی حکومەت: ئامانجمان ئەوەیە بە هاوکاریی کەرتی تایبەت دەرفەتی کار بۆ گەنجەکانمان بڕەخسێنین و گرنگیی زیاتر بە کەرتی پیشەسازی بدەین
govkrd-5120-1790762945
سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە نوێنەری ڕێکخراوی یونێسکۆ لە عێراق دەکات

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان​

ئەمڕۆ جوارشەممە 9/30، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی چەند پڕۆژەیەکی کۆمپانیای تۆیۆتای لە هەولێر دانا کە بریتی بوون لە (ناوەندی پارچەی یەدەگ، فراوانکردنی سەنتەری پشکنینی پێش ڕادەستکردن، هەولێر مۆتۆر سیتی).

لە گوتارێكدا كە لە ڕێورەسمەکەدا پێشكەشی كرد، جەختی لە كاریگەرییە ئەرێنەكانی ئەم جۆرە پڕۆژانە لەسەر بووژانەوەی ئابووری و بەگەڕخستنی بازاڕ و ڕەخساندنی دەرفەتی كار و بەرەوپێشبردنی  كەرتی پیشەسازی كردەوە.

لە بەشێكی دیكەی گوتارەكەیدا سەرۆكی حكومەت باسی لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستان و عێراق كرد و بە ناوی هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە سوپاسی ئەو هێزانەی كرد لە بەرامبەر ئەو یارمەتی و هاوكارییانەی لە ماوەی رابردوودا پێشكەش بە هەرێمی كوردستانیان كردووە و جەختی كردەوە كە گەلی كوردستان قوربانیدان و ماندووبوونیان لەبیر ناكات. ئاماژەشی بەوە دا کە كۆتایی هاتنی ئەركی هێزەکانی هاوپەیمانان، مانای كۆتاییهێنانی پەیوەندیی نییە لەگەڵ ئەو دۆستانەمان، بەڵكوو شێوازی پەیوەندییەكان دەچێتە بوارێكی تر و بە جۆرێكی تر دەبێت .

سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم و زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەین بۆ دانانی بەردی بناخەی هەندێك پرۆژەی گرنگی كۆمپانیای تۆیۆتا عێراق كە بێگومان كاریگەرییەكی زۆری لەسەر بووژانەوەی ئابووری لە ناوچەكە دەبێت.

سوپاسی بەڕێز كاك سەردار بێبانی، سەرۆكی كۆمپانیاكانی سەردار گرووپ و تۆیۆتا عێراق دەكەم بۆ ئەو كارە جوانانەی دەیكات لە بواری وەبەرهێنان، پیشەسازی، بازرگانی و ئێستا گەشتوگوزاریش. دانانی ئەم جۆرە پرۆژانە و دروستكردنی ئەم جۆرە پرۆژانە لە هەرێمی كوردستان و لە هەولێر بە تایبەتی، ڕێگەخۆشكەر دەبێت بۆ دروستكردنی هەلی كار بۆ گەنجەكانمان كە بێگومان لە وزەیەكی زۆری گەنج لە كوردستاندا هەیە كە بتوانن كار بكەن لە كەرتی تایبەت و تواناكانی خۆیان پێش بخەن و بێگومان بە دروستكردنی ئەم جۆرە پرۆژانە، شارەزاییەكی نوێش دێتە هەرێمی كوردستان كە گەنجەكانمان دەتوانن سوودی لێ ببینن.

هەروەها سوپاسی وڵاتی ژاپۆن دەكەم بۆ پشتیوانی و پاڵپشتییان بۆ جێبەجێكردنی ئەم جۆرە پڕۆژانە كە بێگومان كاریگەرییەكی زۆری هەیە، توانای ئەوان و زانایی ئەوان توانیویەتی كە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئێمەش سوودی لێ ببینین و ئەم جۆرە پرۆژانە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێن.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەرنامەی لە سەرەتاوە ئەوە بووە كە هەلی كار بۆ گەنجەكانمان دروست بكات و گرنگیی زیاتر بە كەرتی تایبەت بدەین كە كەرتی تایبەت یارمەتیدەر بێت لە بووژانەوەی ئابووری لە هەموو سێكتەرەكان لە كوردستاندا. بێگومان سەردار گرووپ و تۆیۆتا عێراق ، بەشێكی گرنگ و سەرەكین لە یارمەتیدانی پرۆژەكانی حكومەت بۆ سەرخستنی ئەم ئەجێندایە.

دیارە دروستكردنی (هەولێر مۆتۆر سیتی)، ئەمە بەشێكی زیادەشە لەم پرۆژانە كە لە ڕووی گەشتوگوزارییەوە دەتوانێت بە هەزاران خەڵك بێنێتە هەرێمی كوردستان، جگە لەوەی كە ڕێخۆشكەر دەبێت بۆ گەنجەكانمان و بۆ ئەو خەڵكانەی كە تامەزرۆی لێخووڕینی سەیارەن و دەیانەوێ بە شێوەیەكی پرۆفێشناڵیش ئەم كارە بكەن، ئەم دەرفەتەیان بۆ دەڕەخسێت. هیوادارم دواتر ئەم بەڕێزانەی كە دێن و لێرە سوود لەم بەشە وەردەگرن، رەچاوی بابەتی سەیفتی بكەن و خۆپارێزی لە خوا نەخواستە ڕووداوی نەخوازراو.

ئێمە زۆر هەوڵمان داوە لەگەڵ وڵاتانی دۆست كە یارمەتیمان بدەن لە هێنانی بەشێك لە كارەكانیان لە ڕووی پیشەسازییەوە یان هاندان و پشتیوانیكردنی ئەجێندای حكومەت لە پەرەپێدانی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان، بەوەی كە بەشێك لە كۆمپانیاكانی خۆیان لە بەستنەوەی پارچەكان بەیەكەوە بەشەكان بەیەكەوە، یانیش لێكدانەوەی سەیارە و ئۆتۆمبێل و ئەم جۆرە شتانە، لێرە یارمەتیمان بدەن. پێشخستنی بەشی پیشەسازی كاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر دروستكردنی هەلی كار بۆ زۆر لەو گەنجانەی كە ئێستا حەز دەكەن لە بواری جیاوازدا كار بكەن. ئێمە سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانە دەكەین و بەردەوام دەبین لە هاندانیان بۆ یارمەتیدانی ئێمە لە سەرخستنی ئەم بیرۆكەیە.

لە لایەكی دیکەوە، كوردستان لە ڕووی جیۆپۆلۆتیكییەوە شوێنێكی هەڵكەوتووە لە بەستنەوەی چەندین بازاڕی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە لایەك توركیا و لە لایەك ئێران و لە لایەك وڵاتانی تری عەرەبی كە كوردستان كەوتووەتە ناوەڕاستی ئەم ماركێتە گەورانە كە دەتوانێت یارمەتیی بدات لە پێشخستن و بەیەكەوە بەستنەوەی ئابووریی ئەم وڵاتانە و هەتا نزیككردنەوەی گەلەكان لە ناوچەكە بە یەكەوە، كوردستان دەكرێ ئەم ڕۆڵە گرنگە ببینێت و تا ئێستاش ئەم دەورەی بینیوە.

دەستخۆشی لە كۆمپانیای تۆیۆتا عێراق دەكەم بۆ ئەو كارە ناوازەیەی كە دەیكەن و سوپاسیشتان دەكەم بۆ وەبەرهێنان و كارە یەك لە دوای یەكەكانی كە دەیكەن بۆ خزمەتی هەرێمی كوردستان.

لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم باسی بابەتێكی تر بكەم، هەروەك دەزانن ئەمڕۆ دوا وادەی ئەركی هێزە هاوپەیمانەكانە دژی داعش كە بۆ یارمەتیی عێراق هاتبوون، ئەمڕۆ ئەركی ئەم هێزانە بە كۆتایی دێت، لێرە دەمەوێ بە ناوی خەڵكی كوردستانەوە سوپاسی هەموو هاوپەیمانان، ئەمەریكا و هەموو وڵاتانی ئەورووپی و هەموو هاوپەیمانان بكەم كە یارمەتیی ئێمەیان دا لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، لە شكستپێهێنانی داعش، لە هاوكاریكردنی باشتركردنی تواناكانی هێزی پێشمەرگە، پاراستنی هەرێمی كوردستان و پاراستنی هەموو عێراق، ئەركێكی پیرۆز بووە كە ئەوانە یارمەتیی ئێمەیان داوە و لێرەوە ئێمە سوپاسیان دەكەین و پێزانینمان هەیە بۆ هەموو قوربانییەكانیان، بۆ هەموو زەحمەت و ماندووبوونیان، بۆ هەموو ئەو پاڵپشتییەی كە ساڵانی رابردوو پێشكەشی ئێمەیان كردووە و بێگومان ئەو هاوكارییە و ئەو پاڵپشتی و ئەو پشتیوانییەمان لەبیر ناچێتەوە. جارێكی تر بە ناوی هەمووتان سوپاسی ئەو هێزە هاوپەیمانانە دەكەم.

كۆتاییهێنانی ئەركی هێزی هاوپەیمانان، مانای كۆتاییهێنانی پەیوەندیی نییە لەگەڵ ئەو دۆستانەمان، بەڵكوو شێوازی پەیوەندییەكان دەچێتە بوارێكی تر و بە جۆرێكی تر دەبێت، هەم لە ڕووی ئابوورییەوە، هەم لە ڕووی كولتووری و سیاسییەوە، هەم لە ڕووی ئەمنی و سەربازیشەوە، پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپی و هێزەكانی هاوپەیمان، بە جۆرێكی تر بەردەوام دەبێت كە هەرێمی كوردستانیش وەك بەشێكی چالاك و كاریگەر لە حكومەتی عێراق دەتوانێت و بەشدار دەبێت لە پەرەپێدانی ئەم جۆرە پەیوەندییانە.

لەوانەیە زۆر لە دوژمنان و ناحەزان پێیانوابێت كە كۆتاییهێنانی ئەركی هاوپەیمانان مەترسییەكی زیاتر دەخاتە سەر هەرێمی كوردستان، كە بێگومان هێشتا مەترسیی تیرۆر ماوە، ئەوە نییە بڵێی ئێمە هیچ مەترسییەك یان هیچ تەحەدایەكی ئەمنی نەمابێت، بەڵام دڵنیاشتان دەكەینەوە كە هەم هێزەكانی عێراقی ئێستا تواناكانیان لە جاران باشترە، هەم هێزی پێشمەرگە هێزێكی تۆكمە و ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە مەترسییەك كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان ببێتەوە. بۆیە من جارێكی تریش دڵنیاتان دەكەمەوە كە هێزەكانی ئێمە ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێك یان هەر مەترسییەك كە خوانەخواستە ڕوو لە هەرێمەكەمان و لە عێراقیش بكاتەوە.

ئێمە جگە لە بابەتی ئەمنی و ئەو تەحەدیاتانەی كە ڕووبەڕوومان بوونەتەوە، چەندین تەحەدای تریشمان هەیە یەكێكیان تەحەدای ئابوورییە، بە تایبەتی دوای ئەو شەڕ و پێكدادانەی كە لە ناوچەكەدا هەبووە، بە شێوەیەكی نەرێنی كاریگەریی لەسەر ئابووریی عێراق كردووە، ئێمە لێرە پێویستە بە هەموو جۆرێك هاوكاریی یەكتر بكەین و هەموو هەوڵێكیش دەدەین لە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ حكومەتی فیدرالیش هەموو تواناكانی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانین ڕووبەڕووی ئەو تەحەدایانەش ببینەوە و ئەو قەیران و بارە ناهەموارانەی كە ئێستا ئێمە پێیدا تێدەپەڕین، ئەوانەش ئینشائەڵا چاك بكرێن. ئێمە لە هەرێمی كوردستان هەرچی لە تواناماندا بێت بۆ پشتیوانیكردنی حكومەتی فیدرالی، بەردەوام دەبین و چاوەڕێی ئەوەش دەكەین كە حكومەتی فیدرالیش بە ئەركی خۆی هەڵبستێت لە جێبەجێكردنی دەستوور و لە بابەتی دادپەروەری و لە هاوكاریكردنی هەموو بەشەكانی عێراق بە شێوەیەكی یەكسان. ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوكاریكردن لەگەڵ یەكتر.

ئەوەی لەسەر ئێمەشە لە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبین لەگەڵ هێزە سیاسیەكانی تری كوردستانی و داوایان لێ دەكەین كە ئەوانیش بە ئەركی نیشتمانیی خۆیان هەڵبستن و ئەو بەرپرسیارێتییەی دەكەوێتە سەر شانی ئەوان، ئەوانیش بەجێی بگەیەنن و زووتر هەنگاوی خێراتر بهاوێژن بۆ ئەوەی كە پەرلەمانی ئێمە كارا بكرێتەوە، چونكە كاراكردنەوەی پەرلەمان یەكەم هەنگاوە بۆ پێكهێنانی حكومەت كە زۆر زۆر دواكەوتووە. خەڵكی كوردستان چاوەڕێی ئەوەیە حزبە سیاسییەكان زیاتر بیر لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی خەڵكی كوردستان بكەنەوە، نەك بەرژەوەندیی حزبی و تاكەكەسی. ئێمە ئامادەین و لە رۆژی یەكەمیشەوە ئامادەبووین، ئێستاش داواكارین كە هەموو هێزە سیاسییەكان، بە تایبەتی ئەوانەی كە توانیویانە بەشێك لە دەنگی هاووڵاتیان بەدەست بهێنن و متمانەی خەڵكیان پێ دراوە، ئێستا بەرامبەر بەو خەڵكە بەرپرس بن و بێن لە پەرلەمان ئەركی خۆیان ببینن و پەرلەمان كارا بكەنەوە. زۆر ئەركی ترمان ماوە كە پێویستیی بە هاوكاری و هەماهەنگیی حكومەت و پەرلەمانە لە دەركردنی یاساكان و رێخۆشكردنی ئیش و كارەكان، یارمەتیدانی زیاتری خەڵك و باشتركردنی كارە خزمەتگوزارییەكان بۆ هەرێمی كوردستان. جارێكی تر داوایان لێ دەكەینەوە كە پەلە بكەن لە پێكهێنانی حكومەت، ئێمە هەمیشە ئامادە بووین و ئێستاش ئامادەیی زیاتریشمان تێدایە.

جارێكی تر سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەكەم، دەستخۆشیی لە كاك سەردار، لە تۆیۆتا عێراق، لە هەموو ئەو بەڕێزانەی كە ماندووبوون بەم پرۆژانەوە دەكەم، هیوادارم هەمیشە لە سەركەوتنی بەردەوامدا بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.