ئەمڕۆ سێشەممە 6/16، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی بە سەرۆکایەتیی باڵیۆز تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق و سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە جۆشوا هاریس، هەڵسورێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و جەنەراڵ کێڤن لامبێرت فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا ئامادەی بوون، دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاری و پشتیوانیی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
باڵیۆز تۆم بەڕاک، وێڕای ستایشکردنی کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆک ترەمپ ڕێزێکی تایبەتی بۆ گەلی کورد و هەرێمی کوددستان و سەرکردایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی هەیە.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی بازرگانی لەنێوان ئەمەریکا و عێراق و هەرێمی کوردستان و چالاکی و بەشداریی زیاتری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە بواری وزەدا.
هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران عەلی ئەلزەیدی کردەوە لەپێناو گەشەپێدانی ئابووری و خزمەتکردنی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکانی عێراق بە یەکسانی و بێ جیاوازی، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور.
هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و کۆتاییهێنان بە چەقبەستووییی سیاسی لە نزیکترین کاتدا.