ئەمرۆ چوارشەممە 5/13، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی باڵیۆزی نوێی پاپای ڤاتیکان لە عێراق کرد.سەرۆکی حکومەت، وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی ، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و هەموو پشتیوانییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دووپات کردەوە. باڵیۆزی پاپای ڤاتیکان، بە ناوی قەداسەتی پاپاوە ، سوپاس و پێزانینی بۆ سەرۆکی حکومەت دەربڕی بۆ پشتیوانیکردن و پاراستنی مافەکانی کریستیان و گشت پێکهاتەکان و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستان . باڵیۆزی ڤاتیکان ئاماژەشی بەوە دا کە کوردستان لە دڵی قەداسەتی پاپادایە و نزای پێشکەوتن و خێر و ئاشتی بۆ دەکات . چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حكومەتی فیدراڵ ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو .