پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 5/9، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ تورکیا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی دۆڵمە باخچە لە شاری ئیستانبوڵ، لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی دەرەوە و وزە و بەرگری و بەرپرسی دەزگای هەواڵگريی تورکیا ئامادەی بوون، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندی و هاوئاهەنگی لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
سەرۆکی حکومەت ستایشی ڕۆڵی سەرۆک ئەردۆغان و تورکیای لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودانی زیاتر بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی دوولایەنە دووپات کردەوە.
سەرۆک کۆماری تورکیا، ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد وەک فاکتەرێکی گرنگی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا. هەردوولا جەختیان لە کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لە ڕێگەی گفتوگۆ کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا هەوڵ و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا. لەمبارەیەوە هەردوولا هیوایان خواست کە کابینەی نوێی عێراق ببێتە هۆی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق و خزمەتکردنی گشت پێکهاتەکان بێ جیاوازی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور.
پرۆسەی ئاشتی و پرسی چەکدانانی پەکەکە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. سەرۆکی حکومەت پشتگیری بۆ پرۆسەکە دووپات کردەوە و سەرۆککۆماری تورکیاش جەختی لە گرنگی بەردەوامبوون و سەرخستن و بەئەنجامگەیاندنی پرۆسەکە کردەوە.