Kurdistan Regional Government
Representative in Australia
Krg Australia Logo
حکومەتی هەرێمی کوردستان
نوێنەرایەتی ئوسترالیا
دەستپێک › چالاکی ئوسترالیا

چالاكي ئوستراليا

گشت هەواڵەکان

govkrd-5284-1795601344
ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی لە هەمانکاتدا داوای جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی خۆشی دەکات
govkrd-5278-1795378145
ڕوونکردنەوەیەک لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە
govkrd-5242-1794393545
ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی لە بانگەوازی سەرۆک بارزانی دەکات و داوا لە تیمی وەزاریی یەکێتی دەکات بگەڕێنەوە بۆ کارەکانیان لە حکومەت

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان​

لە درێژەی سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ ١٤ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، شاندەکە لە شاری هەولێر، لە مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو، سەردانی فراکسیۆنی یەکگرتووی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا دواپێشهات و گفتوگۆکان سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٧ تاوتوێ کران.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، شاندی باڵا تێڕوانین و هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە پشک و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێم خستە ڕوو و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە قۆناغی ئامادەکردن و داڕشتنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٧دا، پێویستە پشک و شایستەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕوون، دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا جێگیر بکرێن؛ بە شێوەیەک کە ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێم و مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێم بپارێزرێت و بنەمای چارەسەرێکی جێگیر بۆ کێشە دارایییەکان دابنرێت.

دواتر، شاندەکە ئەنجام و وردەکاریی دوا کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی خۆی لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتە فیدڕاڵییەکانی دارایی، پلاندانان و نەوت خستە ڕوو؛ بەتایبەتی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە دیاریکردنی پشکی هەرێم، شایستە دارایییەکان، مووچە و خەرجییەکان، داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان و پشکی هەرێم لە پڕۆژە و بەرنامە وەبەرهێنانییەکانەوە هەیە.

هەروەها، ئاماژە بەوە درا کە ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردان و کۆبوونەوانە لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان، ئاگادارکردنەوەیانە لە وردەکاری و ئەنجامی دانووستانەکان و دروستکردنی هەماهەنگیی پێویست لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران، پێش چوونە ناو قۆناغەکانی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لە ئەنجومەنی وەزیران و دواتریش گفتوگۆ و تەشریعکردنی لە ئەنجومەنی نوێنەراندا.

لە بەرامبەردا، فراکسیۆنی یەکگرتوو تێبینی و بۆچوونەکانی خۆیان سەبارەت بە ناوەڕۆکی گفتوگۆکان و پڕۆژەیاسای بودجە خستە ڕوو و ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی تر دەربڕی.

لە کۆتاییدا، هەردوو لا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆ و هەماهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو فراکسیۆن و نوێنەرانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردەوە، بۆ ئەوەی لە قۆناغەکانی گفتوگۆ، داڕشتن و پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٧دا، بە دید و هەڵوێستێکی هاوبەش و لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا، کار بۆ پاراستن و جێگیرکردنی پشک و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ماف و بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتیانی هەرێم بکرێت.